ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2015 و دوای بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاتریارک گورگیسی سێیەم سڵێوە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و گواستنەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵات لە ئەمەریكاوە بۆ هه‌ولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى ڕۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌.


لە وه‌ڵامى پرسیارێكدا گواستنەوە و گەڕانەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە ئەمەریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان دوای هەشتا ساڵ، بە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ هەرێمی كوردستان و كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و پەیڕەوانی ئەو كەنیسەیە لە قەڵەم دا و ئەمەشی بۆ ئارامی و پێكەوەژیانی برایانە و ئاشتیی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە و بە سەرەتایەكی گرنگ و جێی شانازی بۆ هەرێمی كوردستان ناو‌زه‌د‌ كرد.


سەبارەت بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەرێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە نزیكەی ملیۆنێك و حەوتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوەی لە تواناى حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بووبێت بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە كردوویەتی و بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاریكردنیان سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپە داراییه‌ی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.


ده‌رباره‌ى ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانەی لەبەردەم ناردنی نەوت دروست دەكرێن، ڕوونی كردەوە كە تاكە ڕێگە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆڕیی نەوتی توركیایە و كاتێك ئەو بۆڕیەش دەتەقێنرێتەوە یان هەوڵ دەدرێت لەناو توركیا نەوتی لێ دەربهێندرێت، زیانێكی گەورە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت. هیوای خواست ئەو لایەنانەی ئەم كارانە ئەنجام دەدەن لەوە تێبگەن كە ئەم بۆڕییە نەوتە شادەماری بژێوی خەڵكی كوردستانە و واز لەو كارە ناشرینانە بهێنن و هاوكاربن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو كارە دووبارە نەبێتەوە و هەوڵەكانیشیان لەگەڵ حكوومەتی توركیا بەردەوامە و لە دیدار و كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرساتی توركیا جەختیان لەوە كردووەتەوە زیاتر گرنگیی بەوە بدرێت ئەو بۆڕییە نەوتە بپارێزرێت.

سەبارەت بە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە دوا پەیامی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە ئاشكرایە و هەموو لایەنەكان هەوڵی ئەوە دەدەن بگەن بە ڕێككەوتن و هیوای خواست لە كۆبوونەوەی شەشی مانگی داهاتوودا هەموو لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستاندا بێت.


سەبارەت بە هاتنی بەرێز حسێن شەهرستانی نوێنەری بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمی كوردستان، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بەڕێز شەهرستانی بە سەردانێكی ئاسایی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی گواستنەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی كوردستان هاتۆتە هەرێم و كۆبوونەوەشیان لەگەڵی هەبووە.


لەبارەی چاكسازییەكانیشەوە دووپاتی كردەوە كە هەر لە سەرەتای دورتسبوونی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەوان هەوڵیان داوە بەپێی چەند پرۆگرامێك دەست بە چاكسازی بكەن و وەزارەتەكانیش یەك بە یەك خەرێكی چاكسازین و ئەمەشی بە كارێكی پێویست زانی. جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت پرۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت.


لەبارەی لێپرسینەوە و چوونی وەزیرەكانی حكوومەتیشه‌وه‌ بۆ پەرلەمانی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە بەپێی عورف و یاساكان دەبێت ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەوبارەیەوە وەربگیرێت دواتر وەزیرەكان بچنە پەرلەمان.


دەربارەی ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ئازادكردنەوەی ئەو شارەدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە ئازادكردنی شاری مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان كارێكی گرنگە، چونكە پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا پلانێكی جددی بۆ ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دانەنراوە و ئێستا بیر لە دانانی ئەو پلانە دەكرێتەوە و هەر كاتێك پلانەكە ئامادە كرا و ئەوان پلانەكەیان بینی، ئەو كات وەك هەرێمی كوردستان بڕیاری بەشداریكردن، یان بەشدارینەكردنی پێشمەرگە لە شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵدا دەدەن.


لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو بژاردانەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ لەلایەن خەڵك یان پەرلەمانی كوردستانەوە لەلایەن چوار لایەنەكه‌وە خراونەتە ڕوو، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند بژاردەكان سەیرن، چونكە باس لەوە دەكەن گەر سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت دەبێت دەسەڵاتێكی كەمی بێت و گەر لەلایەن پەرلەمانیشەوە هەڵبژێردرێت دەستەڵاتێكی زۆری دەبێت، كە پێویستە پێچەوانە بكرێتەوە، چونكە ئەو سەرۆكەی ڕاستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت پێویستە دەستەڵاتی زیاتر بێت لەوەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ شەرعیەت لە گەلەكەیەوە وەردەگرێت.


ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مەسەلەكە هیچ پەیوەندیی بە بەرێز مەسعوود بارزانییەوە نییە هەروەك لە دوا پەیامیدا باسی كردووە و هیوای خواست بە شێوەیەكی واقعبینانە بیر لە چارەسەری ئەو پرسە بكرێتەوە بەوەی كە بەرژه‌وەندیی ئێستای هەرێمی كوردستان لەچیدایە، ئەوە ئەنجام بدرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان پێیان وانییە ئەو پێشبینیانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو بە شێوەیەك بن بۆ گەیشتن بە چارەسەر دانرابن و هیوای بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی خواست بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی